بەشی نێودەوڵەتی: هەڵویستی ئەمدواییەی هەندێک کەسایەتیی باڵای تیمی ترامپ، نیشاندەری جۆرێک هاوئاهەنگی لە نێوان واشنتۆن-ئەنقەرە و دیمەشقە کە پێدەچێ لە مانگەکانی داهاتوودا، دۆخەکە بۆ هێزە کوردەکانی سووریا دژوار دەکات و کوردەکانی سووریا بۆ چەندەمین جار لە ساڵی ڕابردوو، لە پاڵپشتیی ئەمریکا دڵسارد دەبنەوە، چونکە ڕێککەوتنی سیاسی ئەمنیی ئەمدواییەی ئەمریکا-سووریا و تورکیا، ئاستەنگێک دەبێت لە بەردەم پێکهاتەی یەکپارچەی کوردەکانی ئەو وڵاتەدا بۆ گەیشتن بە فیدراڵیزم و پاراستنی یەکینە سەربەخۆکانیان. کەچی دەبینن کە واشنتۆن لە ڕەوتی ڕادەستکرانەوەی کێلەنەوتییەکان و کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردنشینەکان و ئاوێتەکاریی هێزەکانیان لە ئەرتەشی نیشتمانی سووریادا، لە پشتی دەوڵەتی دیمەشقە.
ئەمە شتێکە کە تاما باراک نوێنەری تایبەتیی ترامپ بۆ سووریا، لە لێدوانەکانی ئەمدواییەدا ڕاشکاوانە جەختی لێ دەکات و دەڵێ: تاقە ڕێگەی مومکین بۆ شەڕڤانانی کوردی سووریی سەر بە پەکەکە، ئەوەیە کە هەموو هێزەکانیان تێکەڵ بە ئەرتەشی سووریا بکەن و زێدەڕۆیی نەکەن.
هەڵوێستی ئاشکرای کوردەکان لەبارەی سوەیدا
هێرشی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر سووریا، هەلومەرجێکی ڕەخساند تا شەڕڤانانی کوردی سووریای نائومید لە ئەمریکا، ئێستا چاویان لە پاڵپشتیی ڕژیمی زایۆنی بێت. ئەمە بۆتە هۆی هاوڕێینەکردنی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانتارانی دیکەی تورکیا بۆ ئیدانەنەکرانی هەڵمەتەکەی ئیسرائیل. هاوکات هاوار نیووز وەک میدیایەکی نزیک لە پەکەکە لە باکووری سووریا، سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوەیدا نووسی: "هێرشەکانی دەوڵەتی ڕاگوزاری سووریا دژی خەڵکی سوەیدا بەردەروامە و ئەرتەشی ئیسرائیلیش لەمناوە، چەند بنکەی سەربازیی کردۆتە ئامانج. لە لایەکی ترەوە ژمارێکی زۆری هێزی چەکداری لە لایەن دیمەشقەوە بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی، ڕەوانەی سوەیدا کراون".
هاوکات ئەو ئاژانسە لە زمانی ئەیاد خەتیب، وتەبێژی حزبی ئایەندەی سووریا دەنووسێت: "هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا مافی ئەوەیان هەیە، سیاسەتەکانیان بەپێی بەرژەوەندیی فەرهەنگیان دابڕێژن و بە کردنەوی سیستەمگەلی ئیداری و یاسایی خۆیان، کۆمەڵگا ببووژێننەوە. ئەگەر سیستەمێکی لامەرکەزی پێک بێت، سووریا دەتوانێ ڕۆڵی خۆی لە ئاستی ناوچە و جیهاندا بگێڕێتەوە".
ئەو قسانە نیشان دەدەن کە ڕووداوەکانی سوەیدا و هێرشەکانی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر سووریا بە بیانووی پاڵپشتی لە درۆزییەکان، کوردەکانیشی هیوادار کردووە بۆ دامەزرانی سیستەمی فیدراتیو و لامەرکەزی.
کاردانەوەی سیاسەتوانانی کوردی سووری بە تام باراک
پاش بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی تام باراکی کۆنە بازرگانی هاوڕێی ترامپ و نوێنەری ئەمریکا لە کاروباری سووریادا سەبارەت بە کوردەکانی سووریا، مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە کاردانەوە بەو لێدوانانە وتی: ئەوە ئێمە بووین کە سووریادا دژی تیرۆریزم شەڕمان کرد. پێش ئەوەی ئێوە بێنە ئەم ناوچەیە، ئێمە لێرە بووین و بەرگریمان لەم خاکە دەکرد و ئێستاش حازر نین بگەڕێینەوە بۆ دۆزی پێشوومان.
هاوکات ساڵح موسلیم، وتەبێژی كاروباری دەرەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک(PYD) لە لێدوانێک بۆ STERK TVی وتی: "تام باراک، تەنیا بۆ ڕازیکردنی تورکیا هەوڵ دەدا. ئێمە لەم دواییەدا چەندین جار لەگەڵ وەفدی دیپلۆماتیکی ئەمریکا و فەڕەنسا کۆبووینەتەوە و هەست دەکەین لێدوانەکانی باراک سەبارەت بەوەی کە کوردەکان لە پێکهاتەی سیاسیی سووریادا جێیەکیان نییە و تەنیا دەبێ ئاوێتەی ئەرتەشی دیمەشق بن، هەڵوێستی خۆیەتی، نەک سیاسەتی فەرمی واشنتۆن، چونکە کاتێک گەڕایەوە بۆ واشنتۆن، ڕاوێژی گۆڕا و وتی، ئاوێتەبوونی هەسەدە لە ئەرتەشی سووریا، کارێکی ئاڵۆزە".
لە لایەکی ترەوە ئیلهام ئەحمەد لە بەرپرسانی کوردی سووریاش دەڵێ: ڕەنگە ئەمریکا و دیتران لایان وابێ کە سووریایەکی ناوەندخواز، بەهێزتر بێت، بەڵام ئێمە بەپێچەوانەی دەبینین. سووریا لەباری ئیتنیکی و مەزهەبییەوە فرەچەشنە و مۆدێلێکی لامەرکەزی کە تێیدا هەموو گرووپ و پێکهاتەکان لە حکوومەتدا بەشدار بن، تاقە رێگەی گەیشتن بە سووریایەکی بەهێزە.
کەواتە گۆڕانکارییەکان نیشان دەدەن کە هێرشەکانی ڕژیمی زایۆنی، بۆ جارێکی تر سناریۆی داگیرکاری، هاوکاتی دابەشکردنی ئەو وڵاتەی دەستپێکردووە و کوردەکانیش چاویان لەو هەلەیە.
Your Comment