ڕۆژۆ چ پەیوەندیەکی بە جەستەوە هەیە

ڕۆژۆ چ پەیوەندیەکی بە جەستەوە هەیە

رۆژوو جگە لە لایەنە رۆحییەکەى کە موسوڵمانان بە گرتنى ئاسوودە دەبن، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە سوود و زیانیشى هەیە.

لایەنە باشەکانى رۆژووگرتن بۆ جەستەی مرۆڤ


- دوای 8 کاژێر لە نەخواردن، جەستە دەچێتە باری برسیبوونەوە
- لە باری برسیبووندا ئیدی جەستە لە ریخۆڵەدا خۆراکی پێویستی نەماوە هەڵیبمژێ.
- نەمانی خۆراک لە ریخۆڵە، هانی جەستە دەدات سوود لە شەکری هەڵگیراوی نێو جگەر و ماسولکەکان وەربگرێ.
- دوای کەمبوونەوەی شەکری هەڵگیراو، جەستە پەنا بۆ چەوریی هەڵگیراو دەبات و دەیانسووتێنێ وەک سەرچاوەیەک بۆ وزە، ئەوەش گرنگە بۆ دابەزاندنی کێش.
- ئەو کاتانەی رۆژوو چەند رۆژێک دەخایەنێ، جەستە بیر لە تێکشکاندنی ماسولکەکان و وەرگرتنی پرۆتینەکەیان دەکاتەوە وەک سەرچاوەیەکی وزە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە رۆژووی رەمەزان کەمتر لە رۆژێک دەخایێنێ و ئەو مەترسییە دروست ناکات.
- رۆژووی رەمەزان وا دەکات جەستە ئەو خۆراکانە بەکاربهێنێت کە دەمێکە لە شێوەی شەکر و چەوریدا لە جگەر و ژێر پێستدا هەڵیگرتوون. هەروەها چەندین ژەهر و ماددەی زیانبەخشیش لەکاتی بەڕۆژووبووندا فڕێ دەدرێنە دەرەوە.
- رۆژوو دەروون ئارام دەکاتەوە، لایەنی رۆحی بەسەر لایەنی جەستەییدا زاڵ دەبێت و زیاتر لە جاران خێزانەکان لەسەر سفرە کۆدەبنەوە، ئەوە جگە لە چەندین کەشی کۆمەڵایەتی دیکە.
- توێژینەوەکان دەریانخستووە رۆژوو ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن رێکدەخات.
- رۆژوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵوودەبوون گرنگە. جگەرەنەکێشان بۆ ماوەی 16 کاژێری بەڕۆژووبوون، رێگاکەت بۆ کورت دەکاتەوە کە لە 8 کاژێرەکەی دیکەش بەسەر حەزی کێشانی جگەرەدا زاڵ ببیت.

- هەلێکی زێڕینە بۆ رێکخستنی کێش: بۆ ئەوەی کێش داببەزێت، دەبێت بەشێوازێکی تەندروستانە و لەسەر رێنماییە زانستیەکان رۆژوو بگریت، توێژینەوەکان دەڵێن 50-60%ی ئەوانەی بەڕۆژوون، هیچ گۆڕانکارییەک لە کێشیاندا روونادات، چونکە پابەندی رێنماییەکانی پزیشکان نابن سەبارەت بە رۆژووی دروست.

لایەنە خراپەکانى رۆژووگرتن

1- دڵەکزێ: لەکاتی رۆژووگرتندا، بەهۆی نەخواردنی خۆراکەوە ترشی ناو گەدە دادەبەزێت، چونکە ئەرکی ئەو ترشییە هەرسکردنی خۆراکە، بەڵام کاتێک کەسی بەڕۆژوو بۆنی خواردنێک دەکات، مێشک پەیام بۆ گەدە دەنێرێت بۆ ئەوەی ترشی دەربدات. ئەمەش ئازاری گەدە (دڵەکزێ) دروست دەکات. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمە، ئەو حەبانەی پێش رەمەزان بۆ دڵەکزێ بەکارتان دەهێنان، لە پارشێوان و کاتی بەربانگدا بەکاریبهێنە. هەروەها پارشێوان دووربکەونەوە لە زۆرخۆری و خواردنی چەور و سوورەوەکراو و پڕ بەهارات.

2- لەدەستچوونی کۆنترۆڵی شەکرە: ئەو کەسانەی بەردەوام دەرزیی ئینسۆلین بەکاردێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرەکەیان، باشترە رۆژوو نەگرن. ئەوانەش کە بە حەب کۆنترۆڵیان کردووە، دەبێت بە وردی لەسەر رێنمایی پزیشکەکەیان بڕۆن لەکاتی بەڕۆژووبووندا. مەترسیی گەورەی شەکرە لەکاتی رۆژوودا بریتییە لە دابەزینی کە دەبێتە هۆی گێژبوون و بوورانەوە و تەنانەت مردنیش، ئەگەر زوو چارە نەکرێت.

3- سەرئێشە: کەمبوونەوەی شلەی لەش، برسێتی، پشوونەدان و نەمانی ماددە ئاڵوودەکەرەکانی وەک نیکۆتین و کافاین. بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرئێشەی رەمەزان، پارشێو ژەمێکی باڵانس بخۆ و بڕی پێویستی شلەمەنی بخۆرەوە و دەرمانی دژە ئازاری وەک پاراسیتامۆڵ بەکاربهێنە. لە رۆژیشدا خۆت دوور بگرە لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر، چاویلکەی دژەخۆر بەکاربهێنە.

4- وشکبوونەوە: کاتێک بەڕۆژوویت، جەستەت بەردەوام شلە و خوێیەکان لەدەستدەدات بێ ئەوەی وەریانبگرێتەوە، ئەویش لەڕێگای میزکردن و ئارەقەکردنەوە و هەناسەدانەوە. ئەمە بۆ کەسانی بەتەمەن سەختترە، هەروەها ئەوانەش کە دەرمانی میز پێکەر بەکاردێنن. گێژبوونی زۆر و بوورانەوە بەهۆی وشکبوونەوەوە مەترسیدارە و دەبێت خێرا ئەو شلەمەنییانە بخۆیتەوە کە ئاو و شەکر و خوێیەکانیان تێدایە وەکوو جۆرە جیاوازەکانی شەربەت. کاتێک کەسێک بەهۆی وشکبوونەوەوە دەبوورێتەوە، دەبێت قاچەکانی بەرز بکرێنەوە تا بەهۆش دێتەوە و خێرا شلەمەنی پێبدرێت.
5- قەبزی: بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمە، لەماوەی رۆژوو شکاندندا بڕێکی باشی شلەمەنی و سەوزە و میوە و پاقلەمەنی بەکاربهێنە.

6- گوشاری دەروونی: بەهۆی برسێتی و تینوێتی و تێکچوونی ریتمی خەو و ماندووبوونەوە دروست دەبێت. لە شێوەی تووڕەیی و نائارامیی خۆی دەنوێنێ. دەکرێ بەشداری بەکۆمەڵی مەراسیمە رۆحی و ئیمانییەکان و سازدانی بەربانگی جیاواز بۆ ئەندامانی خێزانێک یان زیاتر بکرێتە رێگەیەکی کارا بۆ ئارامکردنەوەی دەروون و رەواندنەوەی گوشارەکان.

7- قەڵەوبوون: خواردنی ژەمی قورس و بڕی زۆر، وادەکات ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکیی لە رەمەزاندا نەک کێشیان کەم نەکات، بەڵکو زیادیش بکات. بۆیە دەبێت ئەو کەسەی بەڕۆژووە کوالیتی دوو ژەمەکەی (پارشێو و بەربانگ) باش بکات بە خواردنی خۆراکی پڕ پرۆتین و ڤیتامین و شلەمەنی، نەک بڕێکی زۆری چەوری و شیرینیی دەستکرد بخوات.


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Arba'een
mourning-of-imam-hussain
پیام رهبر انقلاب به مسلمانان جهان به مناسبت حج 1441 / 2020
conference-abu-talib
داعش