ئەمەریکا بە بیانووی هێرشی تورکیا داوای ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنی تەلەعفەر دەکات

ئەمەریکا بە بیانووی هێرشی تورکیا داوای ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنی تەلەعفەر دەکات

ئەمرکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەر ڕابگرێت

بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: ئەمەریکا بە بیانووی مەترسی هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر هێزە عێراقییەکان، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەر ڕابگرێت.

ئاژانسی هەواڵی ابنا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە لەڕێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە بەغدا نامەیەکی گەیاندووەتە حکومەتی عێراق، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی قەزای تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا.

واشنتن لە نامەکەیدا بە بیانووی مەترسی هێرشی تورکیا بۆسەر هێزە عێراقییەکان داوای لە بەغدا کردووە ئۆپراسیۆنەکانی بۆسەر تەلەعفەر ڕابگرێت.

ئاژانسی ابنا لە زاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە کە بە "گەورە" ناویبردووە، ئاماژە دەکات بەوەی "باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەر ڕابگرێت و نەچێتە ناوخۆی شارەکە و ڕزگاری نەکات لە دەست چەکدارانی داعش، بە بیانووی ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە سوپای تورکیا بۆردومانی هێزە عێراقییەکان بکات، گەر بچنە ناو تەلەعفەرەوە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمەریکییەکان کە ڕێککەوتنی هەمەلایەنەیان لەگەڵ عێراق هەیە، یەکیک لە بەندەکانی پەیوەندی هەیە بە بواری ئەمنییەوە، کە تیایادا باس لەوە دەکات، ئەمەریکا لەپاڵ بەغدا دەوەستێتەوە و بەرگری لە عێراق دەکات، ئەگەر هاتوو رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی بێتەوە، بۆیە لەبری ئەوەی بەرپەرچی تورکیا بداتەوە، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، ئۆپراسیۆنەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی خاکەکەی لەدەست چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش ڕابگرێت".

لە بەشێکی دیکەی هەواڵی ئاژانسی ابنا هاتووە "زۆرێک لە سەرکردە مەیدانییە عێراقییەکان، پێشتر چەندجاریک ڕایانگەیاندووە، کە هۆکاری خاوی ئۆپراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ هەژموونی ئەمەریکا و ئەو فشارانەیە کە دەیانکات، بۆئەوەی ئۆپراسیۆنەکان تەواو نەکرێن، کە پێشتر بڕیاربوو تەنها ٣ مانگ بخایەنێت".

ئەو سەرچاوەیە هیچ زانیاریەکی دیکەی نەدرکاندووە سەبارەت بە نامەکەی ئەمەریکا بۆ حکومەتی عێراق دەربارەی قەزای تەلەعفەر، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە نامەکە لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە لە بەغدا گەیەنراوەتە لایەنی عێراقی.

وەک لە هەواڵی ئاژانسەکەدا ئاماژەی پێکراوە، سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەکردووە، رای زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق وایە کە ئەگەر بەڕاستی ئەمەریکییەکان دەیانەوێت کار لەگەڵ بەغدا بکەن بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان، ئەوان پێویستە بە ڕاشکاوی ئاشکرای بکەن، بۆئەوەی بەغدا ئەرک و ماف و هەڵوێستەکانی خۆی بزانێت.

سیاسیە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەگەر ئەمەریکا نایەوێت لەپاڵ عێراقدا بێت و بەرگری لێبکات لەبەرامبەر هەڕەشە و مەترسیەکانی تورکیا، ئەوا پێویستە بیر لە بژاردەی تر بکاتەوە لەوانەش ڕێککەوتن لەگەڵ ڕوسیا.

ئەوە لەکاتێکدایە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە کاتێک ئۆپراسیۆنی موسڵ دەستیپێکرد، چەکدارانی داعش ڕۆژهەڵاتی شارەکە و بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای موسڵیان لەدەستداوە، لەئێستاشدا گەڕەکەکانی باکوری ڕۆژئاوای موسڵ بە گەڕەکى موسڵى کۆنیشەوە بەتەواوى گەمارۆدراون.


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

قودسڕێگایشەهیده
تایبەت بە شەهادەتی فەرماندەکانی ئیسلام  حاج قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی المهندس
conference-abu-talib
داعش