AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
پێنجشەممە

٢٥ نیسان ٢٠٢٤

٧:٢١:٣٥ د.ن
1454123

مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە کوردستانی سووریا

لە کوردستانی سووریا بەتایبەتی و وڵاتی سووریا بەگشتی، ئاماژەکانی گەڕانەوەی داعش و بەهێزبوونەوەی سەرهەڵدەدەن.

 شارپرێس لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی داوەتە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: تەنها لە ماوەی 4 مانگدا 193 هێرشی ئەنجامداوە. مەترسییەکی گەورە هەیە کە داعش هێرش بکاتە سەر کەمپی هۆڵ و کەمپەکانی تری مەدەنی.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر" ڕایگەیاند: "داعش سوود لەم سەرلێشێواوییە لە ناوچەکە و شەڕی غەززە وەردەگرێت و خۆی ڕێکدەخاتەوە".

هەڵسەنگاندنی مەزڵوم عەبدی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش جەخت لەسەر ئەو مەترسییە دەکاتەوە کە داعش جارێکی دیکە بتوانێت بگەڕێتەوە ناوچەکە و هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات.

هاوکات بەپێی ڕاگەیاندنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ژمارەی ئەندامانی داعش لە سووریا و عێراق ٢٥٠٠ ئەندامە.

هەر لەو لێدوانانەدا پشتڕاستکرایەوە کە بەپێی داتاکانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ هێزی داعش دوو هێندە زیادی کردووە.

108 هێرش لە سووریا
بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، داعش لە 1ی ژانویەی 2024 تا مانگی نیسان 108 هێرشی ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. زۆربەی ئەم هێرشانە لە بیابانی سووریا لەدژی هێزە سەربازییەکانی سووریا و خەڵکی سڤیل ڕوویانداوە.

85 هێرش لە کوردستانی سووریا
داعش لە ١ی ١ی ٢٠٢٤ تا مانگی نیسان ٨٥ هێرشی لە کوردستانی سووریا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا نزیکەی ٤٠ کەس شەهید بوون کە هێزە سەربازییەکانی وەک هەسەدە و ئاساییش و فەرمانبەرانی دەوڵەت و منداڵیشیان تێدا بووە.

لە حەسەکە٤٠ ئەندامی داعش دەستگیرکران
لە ٢٠ی نیساندا، هێزەکانی هەسەدە بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنێکی هەمەلایەنەیان لە شاری حەسەکە لە دژی شانەکانی داعش ئەنجامدا. لەئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنەدا ٤٠ ئەندامی شانەکانی داعش دەستگیرکران و دەست بەسەر چەک و تەقەمەنییەکی زۆردا گیراوە.

توێژەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی تاریق هێمۆ بۆ شارپرێس دەڵێت: داعش ئێستا پایتەختەکەی نەماوە، بەڵام هێشتا لە بیابانەکانی سووریادا باڵادەستە و ڕووبەرەکەی 4000 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "رێکخراوی داعش بە گرووپی بچووک لە بیابانەکانی سووریا کاردەکات و بنکەکانی خۆی دروستکردووە".

تاریق هێمۆ هێمای بۆ ئەوە کرد کە داعش لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر شانەی هەیە وەک حەسەکە و ڕەقە و قامیشلۆ و شانەکانی داعش لە شارەکان هەوڵ دەدەن گروپی بچووکی 3 بۆ 4 کەسی ڕێکبخەن و چەکداریان بکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بچووک، وەک کوشتنی خەڵک و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و شوێنەکان هەر بۆیە داعش دەیەوێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هێرشەکانی تورکیاش گرنگترین فاکتەرن کە داعش سوودی لێ وەردەگرێت و ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی شانەکانی داعش هێزی زیاتر بەدەستبهێنن.

کەمپی هۆڵ مەترسییەکی دیکەی بەهێزبوونی داعشە لەوێ زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس دەژین، زۆربەیان بنەماڵەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن.

ڕێکخراوی داعش چەندین جار ڕایگەیاندووە کە خێزانەکانیان لە کەمپی هۆڵ رزگار دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتی کەمپی هۆڵ جیهان حەنان بۆ شارپرێس دەڵێت، دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشەکانی زیاتر کرد، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنیی کەمپی هۆڵ دانا. دەشڵێت"خێزانەکانی داعش و شانەکانی لە کەمپەکە، چاوەڕێی هێرش دەکەن تابچنەدەرەوە".

لە بارەی رێکارەکان بۆ بەهێزکردنی بەرگری لە کەمپی هۆڵ لە دوای زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە کوردستانی سووریا دەڵێت: سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە سنووردار بوون، هێزەکانی بەرگری کەمپەکە لە دەرەوە و ناوەوە وەک هەمیشە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام کاتێک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەسەر کەمپەکەدا دەفڕن و بۆردومانی دەکەن، بۆشایی لە پاراستنی کەمپەکەدا دروست دەبێت، چونکە هێزە ئەمنییەکان ناچارن شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن.

ئامانجی سەرەکی کەمپی هۆڵە

توێژەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی، تاریق هیمۆ، گوتی: ئامانجی داعش ڕزگارکردنی خێزان و شانەکانیانه له کەمپی هۆڵ. ڕێکخراوی داعشیش هەوڵی هێرشکردن دەدات بۆیە مەترسییەکی گەورە هەیە کە داعش جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر کەمپەکە".

هێمۆ وتیشی"مەترسی ئەوە هەیە داعش هێرش بکاتە سەر کەمپەکانی شەهبا و ئۆردوگای سەرێ کانیێ و گرێ سپی. هەرچەندە ئەو کەمپانە خەڵکی سڤیل و کۆچبەرەکانن.

342/