ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی داھاتوو دوا بخرێت

 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی داھاتوو دوا بخرێت

بە بیانووی ئەوەوە کە ھەردوو ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە بکرێن

یەکێتی لە ھەوڵەکانی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، بە بیانووی ئەوەوە کە ھەردوو ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە بکرێن، بەڵام لەو وادەیەدا نەبێت کە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە و بخرێتە ساڵی ئایندە (٢٠١٩) ھەریەک لە پارتی و گۆڕان و یەکگرتووش ئاماژە بەوە دەدەن باشترە ھەڵبژاردنی پارێزگاکانیش ھاوکاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، کە ماوەی یاساییان لە پەرلەمان عێراق لە ١-٧ەوە کۆتایی ھاتووە، رایگەیاند، زانیویانە کە یەکێتی لە ھەوڵدایە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمین بەکر، جەختی لەوە کردەوە، ترسیان ھەیە یەکێتی لەو ھەوڵەیدا سەر بکەوێت.

گوتیشی: “یەکێتی لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نییە لەو وادەیەی دیاری کراوە، بەڵام خۆیان دەزانن لەبەرچی نایانەوێ ھەڵبژاردن لەو وادەیەدا بکرێت”.

ھاوکات، بەپێی زانیارییەکانیش کە لە سەرچاوەی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێی دراوە، سەرکردایەتیی یەکێتی لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لە دوو ھەفتەی ڕابردوودا، بڕیاری پێکھێنانی شاندێکی داوە بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە مەبەستی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی ئایندە (٢٠١٩) بیانووی ئەو شاندەش بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستانە بەیەکەوە.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لە کۆبوونەوەی یەکێتیدا باس لەوە کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن کۆنگرەی یەکێتی لەم ساڵدا ئەنجام بدەن، باشترە کار بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی ٣٠-٩ی بۆ ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنەی داناوە و بودجەی پێویستی بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان دابین کردووە.

لای خۆشیانەوە، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی بە کاری پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنە کردووە و لەمڕۆ سێشەمەوە دوای تۆمارکردنی ناوی قەوارە و ھاوپەیمانییەکان، کە وادەکەی لە چوارشەمەی ھەفتەی رابردوودا تەواو بوو، دەست دەکرێت بە تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی ھەڵبژاردن، کە لەلایەن قەوارە و لیستە تۆمارکراوەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی ناکرێ کە زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ پێشنیازی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بن و ئەو ھەوڵەی یەکێتی سەربکەوێ، ھیچ گەرەنتییەکیش نییە کە یەکێتی بتوانێ لەمساڵدا کۆنگرەکەی ئەنجام بدات، چونکە بۆ جارێکی دیکە باڵەکانی یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە دووچاری بەیەکدادانی ناوخۆیی توند بوونەتەوەوە و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییش کار بۆ سزادانی ئەو سەرکردانەی یەکێتی دەکات، کە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا گومانی لێ کردوون کاریان بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح کردبێت، لەو چوارچێوەیەشدا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ھاوڕای باڵی دەستڕۆیشتووە و نێوانیان لەگەڵ مەحموود سەنگاوی بە جۆرێک تێکچووە، نایانەوێ بەیەکەوە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یان کۆی سەرکردایەتیی یەکێتیدا دابنیشن، کۆسرەت ڕەسووڵ-یش لای خۆیەوە بەتوندی ڕووبەڕووی ئەو ھەوڵە بووەتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەی خستە ڕوو، کە ھەوڵەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بۆ ئەوەیە، بەر لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەک ئەنجام بدات، ھەموو ئەو سەرکردانەی ھاوڕای نیین لە کۆنگرەکە لاواز و لە سەرکردایەتیی یەکێتی دووریان بخاتەوە، تەواوی دەسەڵاتەکانیش لە کۆسرەت ڕەسووڵ وەربگرێتەوە، کە ئێستا مومارەسەی دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی دەکات، لەبەر ئەوە بە باشی نازانێ بەبێ ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە بڕواتە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، چونکە پێی وایە، بەو شێوەیە بەشێک لە کاندیدەکانیش ئەوانە دەبن کە نزیکن لەو باڵانەی کە ململانێیان لەگەڵ ماڵباتی ئیبراھیم ئەحمەد و تاڵەبانیدا ھەیە.

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێتی لە ھەوڵی چڕدایە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و بۆ ئەوەش یەکەم لایەن ئەو پێشنیازەی بۆ بکات پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.

بەڵام عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە و ناتوانێ درێژتری بکاتەوە، ئەوان بە باشی دەزانن ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش پێش بخرێت و ھاوکاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، گوتیشی: ”جگە لەوەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وادەی بۆ دیاری کردووە و لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیشەوە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە، لەبەرئەوە ھیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی گونجاو نییە، ئەگەر یەکێتی مەبەستیەتی کۆنگرە بکات، ئەوە دەتوانێ پێش ھەڵبژاردن لەو سێ مانگەی ماوە بیکات“.

ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، کۆنگرەی یەکێتی خۆی دوا کەوتووە، با ئەوە نەبێتە ھۆی دواکەوتنی ھەڵبژاردنەکانیش لە کوردستان، گوتی: ”حەق وایە کار بۆ ئەوە بکەین ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بێتە پێشەوە، نەک بۆ ئەو ھەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت، چونکە ئەگەر دوا بخرێت موزایەدە دەکرێت و دەست دەکرێت بە ھوتاف لێدان لەسەر ئەوەی ئەو حکوومەتە ماوەی بەسەر چووە، بۆیە ئەو ڕێگایە بە باش نابینین“.

لای خۆشیانەوە، پەرلەمانتاری گۆڕان، بەھار مەحموێود، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان یاسا ڕێگە بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نادات، چونکە خەڵکی کوردستان بۆ چوار ساڵ دەنگی بە پەرلەمانتار داوە، گوتی: ”ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان دەستوور ھەبوایە، ئەوە بە ھیچ شێوەیەک نەدەکرا، ھەروەکوو پەرلەمانی عێراق کە نەیتوانی ماوەی خۆی درێژ بکاتەوە، ھەر لایەنێکیش بیانووی ھەیە کە ھەڵبژاردنی پارێزگاکان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بکرێت، ئەوە دەکرێت ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بھێنرێتە ئەو رۆژەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی تیادا دیاری کراوە، نەوەکوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەر خاتری ئەو دوا بخرێت“.

جەختی لەوەش کردەوە، یاسا ڕێگە بە دواخستنی ھەڵبژاردن نادات و ھەر لایەنێک ئەوە بکات، ئەوە پێشێکاریی بەرامبەر بە یاسا دەکات.

بەڵام بڕیار ڕەشید، وتەبێژی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتی بۆ رایگەیاند، ئەوان وەکوو یەکێتی ئامادەکاریی تەواویان بۆ ھەڵبژاردن کردووە و کاندیدەکانیشیان لە وادەی دیاریکراوی کۆمسیۆن پێشکەش دەکەن، گوتی: ”ئەوە تۆمەتی گۆڕانە کە ئێمە ناتوانین کاندید دیاری بکەین، ئەوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش وایان گوت، دواتر کاندیدیشمان دیاری کرد و ئەوە بوو یەکێتی سەرکەوتنێکی باشیشی بەدەست ھێنا، کە لە پێشبینییەکانی ئەوان زۆر زیاتر بوو، ئەو قسانە لەبەرامبەر یەکێتی دەکرێت یەکێتی وەڵامی ئەو تۆمەتانە بە دەنگھێنان لە ھەڵبژاردن دەداتەوە“.

لەبارەی کۆنگرەشەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە دا، یەکێتی لەسەر ئەو بڕیارەیەتی، کە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆنگرەکەی ئەنجام بدات، گوتی: ”سەرکردایەتیی یەکێتی پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، بڕیاری داوە کە کۆنگرەی یەکێتی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدات، ئێستاش ھەر لەسەر ئەو بڕیارەین“.

لای خۆشیانەوە، بەھار عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتار و سەرکردە لە یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، لە مانگی ٩دا ئەو خولە درێژکراوەی پەرلەمان کۆتایی دێت، لە ڕووی یاساییەوە ھیچ شەرعییەتێک نییە بۆ جارێکی دیکە پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و ھەڵبژاردن دوا بخرێت، لەبەر ئەوە باشترە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، یان ئەوەتا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەر بکرێت، گوتیشی: ”ئێمە وەکوو یەکگرتوو بۆ ھەردوو ھەڵبژاردن ئامادەین، ئەوەش بە باشتر دەزانین، چونکە لەلایەک بە خەرجیی کەمتر دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی ماندووە و ئەوەندە ناتوانێ لەناو بانگەشەی ھەڵبژاردندا بێ و بڕواتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، لەبەرئەوە باشترە ھەردووکیان بەیەکەوە بکرێن


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

mourning-of-imam-hussain
پەیامی گرینگی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەججەوە
haj 2018
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران