هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ده‌ستپێشخه‌ریى عه‌بادى بۆ گفتوگۆ ده‌كات

هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ده‌ستپێشخه‌ریى عه‌بادى بۆ گفتوگۆ ده‌كات

هەرێمی کوردستان پێشوازى له‌ دوایین ده‌سپێشخه‌ریى حه‌یده‌ر‌ عه‌بادى دەکات بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هەولێر، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى له‌ دوایین ده‌سپێشخه‌ریى حه‌یده‌ر‌ عه‌بادى دەکات بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هەولێر، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق و له‌ چوارچێوه‌ى شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق. داواش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دەکات بۆ ده‌ستپێكردن و به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و گفتوگۆیه‌ هاوكاریى هه‌ردوولا بكه‌ن.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 19-10-2017، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به ‌سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران كۆبووه‌وه‌.

بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سه‌ره‌تا ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به‌بۆنه‌ى كۆچى دوایى مام جه‌لاله‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ قوباد تاڵه‌بانى كردووە، ئەویش به‌ناوى خۆى و خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ سوپاسى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى كردووە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رووداوه‌كانى كه‌ركووك و رۆژانى دواتر له‌ ناوچه‌كانى سنووری مادده‌ى 140 و دۆخى ئێستاى كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه خراونەتە به‌رباس. ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانى به‌رگریكردن له‌ كه‌ركووك كردووە و هیواى زوو چاكبووونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواستووە.

ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پێشوازى له‌ دوایین ده‌سپێشخه‌ریى حه‌یده‌ر‌ عه‌بادى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ كردووە بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق و له‌ چوارچێوه‌ى شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق، ئاماده‌یى خۆیشى بۆ گفتوگۆ ده‌ربڕیوە، هه‌روه‌ها داواى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كردووە بۆ ده‌ستپێكردن و به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و گفتوگۆیه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هاوكاریى هه‌ردوولا بكه‌ن.

ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران هه‌روه‌ها داوا له‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌ت و هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان دەکات به‌ هاناى خوشك و براكانیان له‌ خه‌ڵكى خۆڕاگرى كه‌ركووك و خورماتووه‌وه‌ بچن كه‌ روویان له‌ شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، سوپاسى خه‌ڵك و داموده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش دەکات كه‌ به‌هانایه‌وه‌ چوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چۆنییه‌تى گرتنه‌به‌رى رێكکاره‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان و قۆناخى داهاتوو تاوتوێكراون. ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران دووپاتى لەوە کردووەتەوە‌ كه‌ ده‌بێ بۆ داهاتوو بڕوانین و وێڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى سه‌خت و دژواردا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌ یه‌كڕیزى و كارى پێكه‌وه‌یى، وه‌ك چۆن گه‌لى كوردستان قۆناخه‌ سه‌خته‌كانى پێشووى تێپه‌ڕاندووه، ئه‌م قۆناخه‌ش تێده‌په‌ڕێنێت، جه‌ختى له‌وه‌ش كردووەتەوە كه‌ وه‌ك چۆن مێژوو سه‌لماندوویه‌تى، ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان به‌ چه‌ك و رێکكارى سه‌ربازى ناشكێت و كێشه‌كانى عێراق به‌و شێوازه‌ چاره‌سه‌ر نابن.

له‌ كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بۆ كۆچى دواییى په‌رله‌مانتا‌ر شوان قه‌ڵادزه‌یى كه‌ له‌ رووداوێكى هاتووچۆدا گیانى له‌ده‌ستدا، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و خانه‌واده‌کەی كردووە.


بابه تی هاو پیوند

بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Arba'een
mourning-of-imam-hussain
haj 2018
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران