مەرجەکانی عەبادی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ کوردستان چیە

مەرجەکانی عەبادی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ کوردستان چیە

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت (ع) ـ ابنا ـ دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، دەبێ دەسەڵاتی ناوەند بەسەر دۆسیەکانی ئەمنی و نەوتدا بسەپێندرێت.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەو مشتومڕەی پێشووی یەکلاکردەوە کە لەبارەی یاساییبوونی گشتپرسی هەبوو، دادگاکە گشتپرسی و لێکەوتە و ئەنجامەکانی هەڵوەشاندەوە.

حەدیسی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا چاوەڕوانی خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور، ئەوەش دەبێتە بنەمایەک لەو رێگەیەوە دەبێت پابەندی بڕیارەکان و یەکێتیی عێراق بن بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەعد حەدیسی راشیگەیاندووە: "ئەنجامدانی دانوستاندن پەیوەستە بە رێزگرتنی دەستوور، دەرهاویشتەکانی، رێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەنگاوە مەیدانییەکانی سەر زەوی تایبەت بە کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئەمنی و نەوت، سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی بەسەر هەردوو دۆسیەکەدا، ئەمانە لە پێشینەی سەرلەنوێ بونیاتنانی متمانەیە بۆ بەهێزکردنی دیالۆگێکی ئەرێنی".

رۆژی 20-11-2017 دادگای باڵای فیدراڵی بە سەرۆکایەتی دادوەر مەدحەت مەحموود و بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ی ئەو گشتپرسییەی، کە رۆژی 25 ی ئەیلوولی 2017 لە باشووری کوردستان ئەنجامدرا. هەروەها بڕیاریدا ئەنجامی گشتپرسی و لێکەوتە و هەر دۆخێک بەهۆی ئەنجامی گشتپرسییەکەوە هاتووەتەئاراوە، هەڵبوەشێنرێتەوە.

بەپێی مادەی 94ی دەستووری عێراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری یەکلاکەرەون و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن.

پێشتر، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو، پەیوەندییەکانیان نەپچڕاون و بەشێوەی جیاجیا بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بە فەرمی بۆ کۆبوونەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دیارینەکراوە.

رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و دواتر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی بەتەواوەتی لاوازکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوای دانوستاندنی کردووە، بەڵام سەرباری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، بەغدا تاوەکو ئێستا بەدەم ئەو داوایەی هەولێرەوە نەهاتووە.

ئەمریکا لەدوای هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و شارۆچکەی پردێ، لە راگەیێندراوێکیدا داوای وەستاندنی بارگرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە کێشەکان لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەربکرێن.

بەدەر لە ئەمریکا، تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە هەمان داوایان کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە چارەسەربکرێن.


بابه تی هاو پیوند

بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Quds cartoon 2018
پەیامی گرینگی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەججەوە
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران