حه‌یده‌رعەبادی و فوئاد مەعسووم و جبووری سەبارەت بە قودس هۆشداری دەدەن

حه‌یده‌رعەبادی و فوئاد مەعسووم و جبووری سەبارەت بە قودس هۆشداری دەدەن

سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، تاکە چارەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە

بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت(ع) ـ ابنا ـ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی گرژیی لە ناوچەکەدا بەهۆی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناساندنی قودس – ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل. سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، تاکە چارەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە. سەرۆکی پەرلەمانیش داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات. باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی ئەمریکی لەوەی ئاگاداری ئاسایشی خۆیان بن.

عەبادی: بڕیارێکی ستەمکارانەیە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەتدەکاتەوە بە ناسینی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەو شارە.

عەبادی هۆشداری دەدات لەوەی بڕیارەکە لێکەوتەی خراپی دەبێت بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و دەڵێت “قودس ناونیشانی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە، مافی هیچ دەوڵەتێک نییە رەوایەتی بە داگیرکاری بدات و بڕیارەکانی نێودەوڵەتی پێشێلبکات و دەست بۆ مافی رەوای فەڵەستینی ببات”.

راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، پێویستە ئیدارەی ئەمریکا لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە کە “بڕیارێکی ستەمکارانەیە”، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە پەرەسەندنی مەترسییەکان کە دەبێتە هۆی تووندئاژۆیی و دروستکردنی کەشێکی یارمەتیدەر بۆ تیرۆر و تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا.

مەعسووم هۆشداری لە ئەنجامی مەترسیدار دەدات

هاوکات فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق بڕیارەکەی ئەمریکای بە ناسینی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل رەتکردەوە. هۆشداریش دەدات لە دەرئەنجامی مەترسیداری جەنگ و ململانێی چەکداریی و پەرەسەندنی تیرۆر، کە ناوچەکە و جیهان بەخۆیەوە دەبینێت.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، فوئاد مەعسووم رەتکردنەوەی تووندی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ ئەو بڕیارە ئیدارەی ئەمریکا و پێیوایە “گورزێکی تووند دەوەشێنێت لە پرۆسەی ئاشتیی لە ناوچەکەدا”. دەشڵێت “ئەو بڕیارە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانە”.

فوئاد مەعسووم رایگەیاندووە “تاکە چارەسەری رەوا و سەرتاسەریی مەسەلەی فەڵەستین هەر بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ دێتەدی و شادبوونی بە مافەکانی دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ هێڵەکانی چواری حوزەیرانی 1967، کە پایتەختەکەی قودس بێت”.

سەرۆککۆماری عێراق داوای لە فەڵەستینییەکان کردووە یەکێتیی ریزی نیشتمانییان و ریزەکانی فەڵەستین بەهێز بکەن، بەو پێیەی “کۆڵەکەی داکۆکیکردنە لە مافەکانیان”.

جبووری داوای کۆبوونەوەی بەپەلە وڵاتانی عەرەبی دەکات

لای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی ئەمریکا هەوڵەکانی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل – فەڵەستن تێکدەدات و داواش لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بەپەلە کۆببنەوە.

سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس، ئاستەنگ لە بەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان دروستدەکات، بە ئاراستەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بڕیارەکەش هەوڵەکانی چارەسەری دوو دەوڵەت تێکدەدات.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بەپەلە کۆببنەوە ئەوەش بەمەبەستی دەرکردنی بڕیار و هەڵوێستێکی یەکگرتوو. دەشڵێت ناوچەکە پێویستی بە قەیرانی دیکە نییە، پێویستە ئیدارەی ئەمریکا چاو بە بڕیارەکەی بخشێنێتەوە، کە لە خرمەتی ئاشتی جیهانی بێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکا دەکات

ئەحمەد مەحجوب، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی یاداشتی ناڕەزایەتی پێبدەن لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل.

رۆژی 6-12-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قودس- ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد کار بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس – ئۆرشەلیم بکات.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی

دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و داوادەکات پێداچوونەوە بە ئاسایشی کەسی خۆیان بکەن و چاودێری هەواڵە ناوخۆییەکان بکەن، بۆ ئاگاداربوون لە دوایین رووداو و زانیارییەکان.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لە ئەمریکییەکان دەکات، رێوشوێنی گونجاو بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی کەسی خۆیان بگرنەبەر، رێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی خۆجێی جێبەجێبکەن و دووربکەونە لە شوێنی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان.


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Arba'een
mourning-of-imam-hussain
haj 2018
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران