به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حه‌ج

به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حه‌ج

قازانج و بەرهەمەکانی حەج و عومرە

قازانج و بەرهەمەکانی حەج و عومرە بە کوردی و بە کورتی:
هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کە خودای حەکیم و کاربەجێ کاتێک ئەمر و و فەرمانی بە عیبادەتێک داوە تا عەبدەکانی ئەنجامی بدەن، مەسڵەحەت و قازانجی بەندەکانی خۆی لەنەزەر گرتووە و سەراسەری ئەو تەکلیف و دەستوراتە بۆ قازانج گەیاندنە بە عەبدەکانی خۆی.

حەج و عومڕەش بە عینوانی تەکلیفێک کە لە سەرشانی ئیمەی ئیماندار داندراوە، لەو به‌رهەم و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ خاڵی نین.

خودای گەورە لە ئایەتی ۲۸ سورەتی حەجدا دەفەرمۆێ:

«لِّیَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَیَذْکُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِی أَیَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِیمَهِ الْأَنْعَامِ ۖ فَکُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِیرَ» [الحج:۲۸]

بۆ ئه‌وه‌ی سوود و که‌ڵکی ماددی و مه‌عنه‌وی به‌ده‌ست بهێنن و ببینن و یادی خواش بکه‌ن و ناوی پیرۆزی به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریان بێت له ڕۆژانێکی دیاریکراودا (که ڕۆژانی عه‌ڕه‌فه و جه‌ژنی قوربانه‌، سروودی (لبیک أللهم لبیک، لبیک لا شریک لک لبیک، إن الحمد و النعمه لک والملک، لا شریک لک)، له حه‌جدا (ألله أکبر، ألله أکبر، ألله أکبر، لا إله إلاألله و ألله أکبر ولله الحمد) له ڕۆژانی جه‌ژندا، فه‌رامۆش نه‌که‌ن، هه‌روه‌ها ناوی خوا (بسم الله‌) بکه‌ن له‌کاتی سه‌ربڕینی ئه‌و ماڵاتانه‌دا که پێمان به‌خشیوون، ئه‌وسا له گۆشته‌که‌ی بخۆن و به‌شی هه‌ژار و نه‌دارانیشی لێ بده‌ن.

ئیبنی عه‌بباس(ر.خ) له تەفسیری ئەو ئایەتە پیرۆز و موبارەکەدا دەفەرموێ: «ئەو قازانج و نەفعانەی کە خودای گەورە باسی کردوون، قازانجی ماددی و مەعنه‌وی هەردووک لەخۆ دەگرن. مەنافعی مەعنەوی وەکوو بەدەست هێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار. مەنافعی ماددی وەکوو سەربڕینی وشتر و مانگاو مەڕ و تەجارەت و کرین و فرۆشتن و بازرگانی کردن.

جا ئێستا بەکورتی بڕێک لە بەرهەمەکانی حەج و عومڕە دەخەینە ڕوو:

✅ قازانجە مەعنەوییه‌کان:
۱- بە دەست هێنانی ڕەزامەندی خودای میهرەبان:
یەکێک لە قازانجە هەرە سەرەکیەکانی حەج و عومڕە وەدەست خستنی ڕەزایەتی خودای پەروەردگارە، ئەو بەرهەمە ئەوەندە بەنرخ و پڕبەهایە، خۆ ئەگەر بێجگە لەو بەرهەمە هیچی دی تێدا وەدەست نەکەوێ، بۆ بابای ئیماندار ته‌واوه‌. چون ئەگەر قازانجێک ڕەزامەندی خودای تێدا نەبێ، ئەوە بۆ موسوڵمان بێ‌کەڵک و سوود بە ئەژمار دێ و فائیدەیەکی پێ نابەخشێ!

۲- زیکر و یادی خودای باڵادەست:
لە ئەسڵدا فەلسەفەی هەموو عیبادەت و خودا پەرەستییەک یاد و بیرەوەری خودای تاقانەیە، هەر وەک چۆن بۆ نوێژ خودای بەخشەندە دەفەرموێ:

«ٲقم الصلاه لذکرﻱ»واته‌: «نوێژ بەرپاکەن بۆ یاد و بیرەوەری من»

خودای حەکیمیش باسی سوودەکانی (ذکر)مان بۆ دەکا و دەفەرموێ:

«الا بذکر الله تطمئن القلوب» واته: «ئاگادار بن تەنیا بە زکری خودا دڵەکان ئارام دەگرن.»

بۆیە ئەگەر ژیانێک لە زکری خودا بێ بەش بێ، ئەوە زەڵکاوە!

هەر وەک خودا دەفەرموێ:

«و من ٲعرض عن ذکرﻱ فٳن له معیشه ضنکا…»
واته: «هەر کەس ڕوو وەرگێڕێ لە یادی من، بۆ ئەو ژیانێکی پڕ لە مەینەت و پەژارە چاوه‌ڕوانه.‌»

۳- سڕینەوەی تاوانەکان:
پێغەمبەری سەروەرمان فەرموویەتی:

«هەر کەسێک حەج بکا. و قسەی ناشیرین نەکا و ڕەفتاری هەڵە لە خۆی نیشان نەدا، وەک ئەو ڕۆژەی کە لەدایک بووە، گوناحەکانی پاک دەبێتەوە.»

یان بۆ عومڕە ئاوای فەرمووه:

«عومڕە تا عومڕەی دی گوناحەکانی نێوان خۆیان لادەبەن و حەجی چاک و تێر و تەواویش (مبرور) جگە لە بەهەشت پاداشێکی دیکەی نییە.»

✅ قازانجە ماددییه‌کانی حەج و عومڕە:
۱- کڕین و فرۆشتن و بازرگانی کردن:
موعامەلە و بازرگانی ڕێگایەکە بۆ وەدەست خستنی قازانج و نەفعی ماددی و دونیایی، جا حەج و عومڕە ئەو دەرفەتە بۆ موسوڵمانان دەرەخسێنیت.

خودای گەورەش دەفەرموێ:

«لیس علیکم جناح ٲن تبتغوا فضلا من ربکم…» (بقره:۱۹۸)

هیچ گوناهبار نابن ئه‌گه‌ر له کاتی حه‌جدا له فه‌زڵی په‌روه‌ردگارتان، خۆتان به‌هره‌وه‌ر بکه‌ن (وه‌ک بازرگانی و شت کڕین) هه‌ر کاتێک له عه‌ره‌فات دابه‌زین و گه‌ڕانه‌وه‌، یادی خوا بکه‌ن له‌لای (مشعر الحرام که‌: کێوێکه له داوێنی مزدلفه‌) و یادیشی بکه‌ن وه‌ک چۆن ڕێنموویی کردوون و هیدایه‌تی داون، چونکه به‌ڕاستی ئێوه پێش ئه‌م ئایین و ڕێنووماییه سه‌رگه‌ردان و گومڕا بوون.

حەج و عومرە پشتیوانەیەکی ئابووریە بۆ خەڵکی موسوڵمان و ساڵانە دەیان شوغڵ و کار بۆ خەڵکی بەرهەم دێنێ، وەک پێشەنگایەکی ساڵانە لە تەواوی دونیا خەڵکی کەل و و پەل و کاڵاکانی خۆیان دەبەن، لەوێی دەفرۆشن و بۆخۆشیان دەتوانن کاڵا و پێداویستی خۆیان لەوێ دابین کەن و بۆ بازرگانیش لە گەڵ خۆیان بیهێننەوە.

✅ قازانجە کۆمەڵایەتییه‌کانی حەج:
هەموو ساڵێ لە ڕۆژانی حەج و عومڕە خەڵکی موسوڵمان لە سەراسەری دونیا بەرەو ئەو مەکانە موبارەکە وەڕێ دەکەون تا لەو کۆبوونەوە گەورەیەدا بەشدار بن.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەهایەکی زۆری بەو کوبوونەوانە داوە، هەر لە خڕبوونەوە بۆ نوێژەکانی جەماعەت ڕا بگرە -کە ڕۆژانە پێنج جار ئەنجام دەدرێن- هەتا کۆبوونەوەی حەفتانە بۆ نوێژی فەڕزی جومعە و ڕووکردنە مزگەوت و کۆبوونەوەی موسوڵمانان لە جێژنەکانی قوربان و ڕەمەزان بۆ ئەنجامدان و بەرپاکردنی نۆێژی جێژن.

هەمووی ئه‌وانه‌ بیانوویه‌کن بۆ لێک نزیک بوونەوەی موسوڵمانان و کۆبوونەوەیان و حەجیش ئەو ئامانجە بە تێروتەسەلی دەپێکێ.

۱- زیندوو کردنەوەی حەقیقەتی برایەتی ئیمانی نێوان موسوڵمانان:
گەورەترین هۆکار بۆ سەلماندنی ئەو حەقیقەتە، چوون بۆ حەج و دیداری خوشکان و برایانی ئیمانییە لە سەراسەری دونیا و بەسەر کردنەوەی یەکترینە. لەوێ یەکدەنگ و یەک سەدا و بە کۆمەڵ ڕوو لە خودای خۆیان دەکەن و دوعا و پاڕانەوەکانیان ئاراستەی ئەو زاتە پیرۆزە دەکەن و بە خوێندنی دروشم و شوعاری (لبیک اللهم لبیک…) ئەم برایەتییە بە لوتکه‌ی خۆی دەگەیێنن.

۲- یەکڕەنگی و یەکسانی(مساوات) لە نێوان خەڵکی موسوڵمان و ئیمانداران:
کاتێک حاجێکان دەچنە نێو بەرگی ئیحرامەوە، هەموویان بە یەکەوە بەڕگی پڕ لە زڕق و بڕق و فیز و دەعیەی دونیای فانیی فڕێ دەدەن و پۆشاکی ئیحڕام کە نماد و وەبیرخەرەوەی کفنی مردووه‌کانە دەپۆشن، ئەو کفنەی کە شا و گەدا، دەوڵەمەند و فەقیر، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات ڕۆژێک دەچنە نێوی و لێی دەرناچن. حاجیش دەچێتە نێو ئەو بەڕگ و لیباسە و لەوێ کەس بەسەر کەسدا ئیمتیاز و فەزڵێکی نامێنێ.

هەمووی وەک یەک و پێکەوە بە دەوری ماڵی بەیتدا دەخوڵێنەوە و (طواف) دەکەن، وەک یەک لە مەیدانی عەڕەفات ڕادەوەستن، ئەو وەستانەی که زیندوو کەرەوەی یادی ڕاوەستانەکەی سەحرای مەحشەرە.

«یاران جەمن لەو سەحرایە
چ سەحرایە لەباس نایە
خاوەنی بانگێشتن خوایە…»

بۆیە بەپۆشینی ئەو بەرگە سپییە هەموو ئیمتیازێک بار دەکا و یەکسانی و یەکڕەنگی میوانی ئەو شوێنە و بەشداربوانی دەبێ.

۴- حەج و عومڕە قازانجی فەقیرانی تێدایە:
لە فەرمایشە پڕ لەنرخەکانی خۆشەویستماندا هاتووە که دەفەرموێ:
«بەردەوام حەج و عومڕە ئەنجام بدەن، چونکه‌ ئەو دووانە تاوان و فەقیری لە بەین دەبەن، هەر وەک چۆن ئاوری ئاسنگر ناخاڵیسی ئاسن و زێڕ و زێو لەبەین دەبا و پاکیان دەکاتەوە.» [نسائی/۲۶۳۱ و احمد/۴۶۶۹]
خودای گه‌وره‌ له‌ قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرموێ:

«بۆ ئه‌وه‌ی سوود و که‌ڵکی ماددی و مه‌عنه‌وی به‌ده‌ست بهێنن و ببینن و یادی خواش بکه‌ن و ناوی پیرۆزی به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریان بێت له ڕۆژانێکی دیاریکراودا که ڕۆژانی عه‌ڕه‌‌فه و جه‌ژنی قوربانه‌، سروودی (لبیک أللهم لبیک، لبیک لا شریک لک لبیک، إن الحمد و النعمه لک والملک، لا شریک لک)، له حه‌جدا (ألله أکبر، ألله أکبر، ألله أکبر، لا إله إلاألله و ألله أکبر ولله الحمد) له ڕۆژانی جه‌ژندا، فه‌رامۆش نه‌که‌ن، هه‌روه‌ها ناوی خوا (بسم الله‌) بکه‌ن له‌کاتی سه‌ربڕینی ئه‌و ماڵاتانه‌دا که پێمان به‌خشیوون، ئه‌وسا له گۆشته‌که‌ی بخۆن و به‌شی هه‌ژار و نه‌دارانیشی لێ بده‌ن.»

✅ قازانج و سوودی تەبلیغاتی و بانگخوازی:
هەر ئەو کۆبوونەوە گەورەیەی کە ساڵانە لە مەککەی پیرۆز و ماڵی خودا ڕوو دەدا و لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی خەڵکی موسوڵمان لەو کۆنگرەیە بەشدار دەبن، هەموو کاناڵە خەبەری و شەبەکە ماهوارەییەکان دەخەنە ژێر پۆششی خەبەری خۆیان و لە سەراسەری دونیا بڵاوی دەکەنەوە. ئەوەش خۆی تەبلیغاتێکە بۆ ئیسلام و موسوڵمانان و نیشاندانی وەحدەت و یەکڕیزی و یەکدەنگی و برایەتی نێوان موسوڵمانانی دونیا.

هەروەها فورسەتێکی زێرینە بۆ ئەو تاقم و کۆمەڵانەی کە بیانهەوێ خۆیان بە موسوڵمانانی دیکەی دونیا بناسێنن و ئەوان لە هەست و ویست و نیاز و کەم و کەسرێکانی خۆیان ئاگادار کەن و خەڵکانی دی بکەن بە شەریکی غەم و پەژارەکانیان و تەم و مژەکان لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە.

ئەوە بەشێکی زۆر کورت و کەم بوو بە کوردی، لە قازانج و بەرهەم و فائیدەکانی ئەو دوو عیبادەتە گرنگ و بەنرخانە (حەج و عومڕە) کە خودای تاقانە لەسەر ئێمەی ئیمانداری پێویست کردووە و هانی داوین بە ئەنجامدان و بەڕێوە بردنیان.

داواکارم لە خودای میری مەزن یارمەتیمان دا بە هەستان و ئەنجامدانی ئەو خودا پەرستیانە و بەقسمەتمانی کات و بە دیتنی ئەو شوێنە موبارەکانە چاوەکانمان ڕوون بکاتەوە.


بابه تی هاو پیوند

بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Quds cartoon 2018
پەیامی گرینگی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەججەوە
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران