مایك پۆمپیۆ

لێپێچینەوە لەو كەسانە دەكەین كە بەرپرسیارن لە كوشتنی خاشقچی

 لێپێچینەوە لەو كەسانە دەكەین كە بەرپرسیارن لە كوشتنی خاشقچی

واشنتۆن دەستیكردووە بە لێپێچینەوە لە ژمارەیەك كەس كە بەرپرسیارن لە كوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، واشنتۆن دەستیكردووە بە لێپێچینەوە لە ژمارەیەك كەس كە بەرپرسیارن لە كوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی كە لە 2ی تشرینی یەكەمی رابردوو لەناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی فۆكس نیوز-ی رایگەیاند، "دەستمانكردووە بە لێپێچینەوە لە ژمارەیەك كەس كە بەرپرسیارن لە كوشتنی خاشقچی، لەم چوارچێوەیەدا ڤیزای 16 كەسمان هەڵوەشاندەوە لە دوای دیاریكردنی ناسنامەكانیان و سەلماندنی پەیوەندییان بە پرسی كوشتنی خاشقچی".

پۆمپیۆ بەڵێنی ئەوەی دا كە واشنتۆن لێپێچینەوە لە هەموو ئەو كەسانە دەكات كە بەرپرسیارن لەو كارە، هاوكات جەختی لە پاراستنی پەیوەندییە ستراتیجییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سعوودیەدا كردەوە.

پۆمپیۆ وتیشی، "ئیدارەی ترەمپ پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ناوچەكە بە گرنگ و لە پێشینە دادەنێت".

جەمال خاشقچی، نوسەر و ڕۆژنامەنوسێكی سعودییە و خاوەنی گۆشەی هەفتانە بوو لە ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی.

خاشقچی بە نوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوە و پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لە ئیستەنبوڵ، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

شەوی 19-10-2018، حكومەتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پشێوی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەبارەی بكوژانی خاشقچی و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرانەكرد.


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

haj 2018
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران