گوتەبێژی هاوپەیمانان

کەمتر لە هەزار چەکداری داعش لە حەویجە ماون

  • کۆدی هه واڵ : 853293
  • سه ر چاوه : Ckb.abna24
Brief

گوتەبێژی هاوپەیمانان پێشبینی دەکات کەمتر لە هەزار چەکداری داعش لە حەویجە مابن.

رایان دیڵن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەو چەکدارانەی لە حەویجە ماون یان دەبێت خۆیان بەدەستەوە بدەن، یان دەکوژرێن". گوتیشی: "لەماوەی هەفتەیەکدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان 15 هێرشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە حەویجە ئەنجامداون".

ئێستا چەند چەكداری داعش لە ناوچەی حەویجەی نزیك كەركووك هەن بەپێی زانیاری و چاودێرییەكانی ئێوە؟

رایان دیلن: بەڵێ، ئێمە پێشبینی دەکەین کە نزیکەی کەمتر لە هەزار چەکداری داعش لە حەویجە مابن، ئەو چەکدارانەش یان دەبێت خۆیان بەدەستەوەبدەن، یانیش لە ئۆپەراسیۆنی داهاتوو بۆ تێکشکاندنی داعش لەو ناوچە کەمانەی کە ماون دەکوژرێن.

ئایا چەكدارانی داعش لە حەویجە چەكی پێویستی شەڕێكی درێژخایەنیان هەیە بەپێی زانیارییەكانی ئێوە؟

رایان دیلن: پێشبینیدەکەین، هاوکات ئێمە هەمیشە پلان بۆ خراپترین حاڵەت دادەنێین و، هیوای باشترین دەخوازین، ئەگەر سەیری ئەو ئۆپەراسیۆنە بکەین کە بەم دوایانە لە تەلەعفەر بینیمان، دەرئەنجامێکی زۆر باشی هەبوو، بەڵام هێشتا پلان بۆ خراپترین دۆخ دادەنێین.

دوای ئەو هەرەسهێنانە گشتییەی تووشی هێزەكانی داعش بووە ، ئایا چەكدارانی داعش توانای بەرگریكردنیان ماوە لە حەویجە؟

رایان دیلن: هەموو پلانەکە ئەوەیە بۆ تێکشکاندنی داعش، ئۆپەراسیۆن لەو ناوچە کەمانەی کە لە دەست داعش ماون ئەنجامبدرێت. پێموایە شەڕەکانی رابردوو سەلماندویەتی کە شەڕەکان لە بەرژەوەندی هێزە عێراقییەکانە، زیاتر لە 40 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە دەستی داعش دەرهێندراوە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە تکریت بۆ رومادی، بۆ فەللوجە وموسڵ و تەلەعفەر، سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان لە حەویجەش دەبینین و لەو ناوچانەی دیکە کە لە رۆژئاوای ئەنبار ماون"

هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی لە دەوروبەری كەركووك و حەویجە كۆكراوەتەوە. ئایا هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان هاوپەیمانان و سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەیە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی حەویجە؟

رایان دیلن: ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوەیە، هاوپەیمانانیش وەک لە سەرەتاوە کردوومانە پشتیوانیکردنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەپێدانی زانیاری هەواڵگری و راوێژپێدان و هەروەها لەگەڵ بۆردوومانکردن، تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 15 هێرشی ئاسمانیمان لە حەویجە ئەنجامداوە ، سەرنجمان لەسەر بارەگا سەرەکییەکانی داعش و کۆگاکانی چەک و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان بووە، بەردەوامیشدەبین لەم هەوڵانەمان، بەڵام لەکاتی ئەنجامدانی هاوئاهەنگ دەبین لەگەڵ هێزە عێراقییەکان وەک چۆن لە تەلەعفەر و موسڵ و تەواوی کەمپەینەکە بۆ تێکشکاندنی داعش کردوومانە"

مەترسی ئەوە هەیە ئەو هێزە زۆرەی حەشدی شەعبی بۆ هێرشكردنە سەر كەركووك و هێزەكانی پێشمەرگە بەكاربهێندرێت ، بەتایبەتی كە هەندێك فەرماندەی حەشدی شەعبی بە ئاشكرا ئەوە دەڵێن ، ئایا هاوپەیمانی دژی داعش چیكردووە بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزبوونێكی لەوشێوەیە؟

رایان دیلن: هاوپەیمانان پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات، هەروەها سەرۆکوەزیرانی گوتوویەتی هەموو هێزە عێراقییەکان بە حەشدی شەعبیشەوە لە ژێر فەرمانی ئەودان و رێنماییەکانی ئەو جێبەجێدەکەن. ئامانجی هاوپەیمانان زۆر روونە، کە تێکشکاندنی داعشە و نەهێشتن و کوشتنیانە لە عێراق و لە سووریا، هەرشتێک دەبێتە رێگە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە جێی نیگەرانییە بۆ هاوپەیمانان ، هەروەها دەبێت جێی نیگەرانیش بێت بۆ هەر لایەنێکی دیکە کە ئۆپەراسیۆن لە عێراق ئەنجامدەدات، ئێمە هەمووشتێک دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین سەرنجەکە لەسەر شەڕی داعش دەمێنێتەوە.

ئێستا بەگشتی چەند چەكداری داعش لە عێراق ماون بەپێی زانیارییەكانی ئێوە؟

رایان دیلن: گوتمان کەمتر لە هەزار چەکدار لە حەویجە ماون، پێشبینیش دەکەین لە ناوچەکانی ئەلقائیم و عانا و راوا دوو هەزار چەکداری داعش هەبن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهەزاران چەکداری دیکەی داعش سنوورەکانی سووریایان بڕیوەو، بەرەو سنوورەکانی دێرزوور رایانکردووە. چونکە ئێستا هێڵێکی کراوە هەیە لە عانە و راوەوە بۆ دێرزوور، هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانی لە دژی چەکدارەکانی داعش و سەرچاوەکانیان لە ناوچەکە ئەنجامداوە، لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا لە عانا و راوا و ئەلقایم 18 هێرشی ئاسمانیمان لە دژی داعش ئەنجامداوە.

ئەی چەند چەكداری داعش لە سووریا ماون؟

رایان دیلن: لە سووریا پێشبینی دەکەین، کەمتر لە هەزار و 500 چەکدار لە رەققە مابن، هاوکات لە ناوچەکانی دێرزوور و بۆ ئەبوکەمال شەش بۆ هەشت هەزار چەکداری داعش مابن.

ئێستا چەند پاسی چەكدارانی داعش كە بەپێی رێككەوتنی حیزبوڵڵا و حكومەتی سووریا لە سنووری لوبنانەوە دەهێنرێن بۆ سنووری عێراق لەژێر چاودێری ئێوەدا ماون؟

رایان دیلن: هیچ یەکێک لەو پاسانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و داعش نەگەیشتوونەتە سنوورەکانی عێراق لەو 17 پاسە، ئێمە بەردەوامین لە چاودێریکردنی 11پاسیان کە گیریانخواردووە لە نیوەی رێگەی دێرزوور لە باکووری رۆژئاوای ئەبوکەمال، لە چاودێکردنیان بەردەوامدەبین، بەردەوامدەبین لە دۆزینەوەی ئەو داعشانەی کە دەیانەوێت بچن و هاوکاریان بکەن، هەروەها هێرشدەکەینە سەر ئەو چەکدارانەش کە لە کاروانەکە دوورکەوتوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە ئێمە ئازار بە مەدەنییەکان ناگەیێنین کە لەگەڵیاندان. حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان بەشێک نین لەو رێککەوتنە و دڵنیاش دەبینەوە کە هیچ یەکێک لەو چەکدارانە لە سنوورەکانی عێراق نزیکنابنەوە وەک بەشێک لەو رێککەوتنە.

تائێستا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان چەندجار هێرشیانكردووەتە سەر ئەو پاسانەی چەكدارانی داعش؟
رایان دیلن: بۆ ئەوی روون بێت، ئێمە هێچ هێرشێکمان بۆسەر هیچ یەکێک لەو پاسانە ئەنجامنەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە توانیومانە بەسەر کەوتوویی هێرشبکەینە سەر 40 ئۆتۆمبێلی داعش کە دەیانویست بچن و هاوکاری ئەو پاسانە بکەن و، هەروەها لە 29ی ئابەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 85 چەکداری داعشمان کوشتوون، بەردەوامدەبین لە چاودێریکردنی ئەو چەکدارانە و هەرکاتێکیش گونجاوبوو هێرشیان دەکەینەسەر، لەسەر ئەم پرسە قسەمان لەگەڵ رووسیاکردووە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ رژێمی سووریا بکات بۆ ئەویە چەکدارەکان لەو گرووپە جیابکاتەوە و هەروەها رێگە بە ژن و منداڵەکان بدرێت بچنە شوێنێکی دیکە.

ئێستا چەند لەو پاسانە خێزان و منداڵەكانی چەكدارانی داعشی تێدایە؟

رایان دیلن: ئەوان تێکەڵن لەو 11 پاسەدا، بەڵام هەرکاتێک زانیمان پاسێک تەنیا چەکداری داعشی تێدایە، ئەوا هێرشیدەکرێتەسەر و نامێنێت، بەڵام ئەو 11پاسە هەموویان تێکەڵاون کە لەناوەڕاستی دێرزوورن.

رووداو: بۆچی وازتان لە چاودێریكردنی ئەو 7 پاسەی چەكدارانی داعش هێنا كە بەرەو تەدموور چوون؟

رایان دیلن: ئەو پاسانە بەردەوامبوون لە چوونیان بۆ تەدموور و دووردەکەوتنەوە، ئەگەر ئەو پاسانە بگەڕێنەوە نزیک سنوورەکانی عێراق دەکرێنە ئامانج، بەڵام ئەوان بەرەو تەدموور رۆشتن، بۆیەش ئێمە چیدیکە چاودێرییان ناکەیەن، چونکە دەبێت لەبیرمان بێت ئێستا سەرنجی ئێمە لەسەر تێکشکاندنی داعش لە پایتەختەکەیان لە رەققە، پێشڕەوییەکانیش لەو شارە زۆر بەباشی دەچنە پێشەوە، ئێستا زیاتر لە %60ی شارەکە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵکراوەتەوە.

چۆن دەڕواننە چوونی هێزەكانی رووسیا بۆ ناوچەی عەفرین و ئایا ئەوە بە ئاگاداری ئێوەبووە؟

رایان دیلن: ئەمە ئەو ناوچەیە نییە کە ئێمە ئۆپەراسیۆنی لێ ئەنجام دەدەین، بۆیە نامەوێ قسە لەسەر ئەمە بکەم، ئامانجی ئێمە لەسەر داعش ئێستا لە رەققەیە، کاتێکیش لێرە تەواو بووین، بەدوای دەرفەتی دیکەدا دەگەڕێن بۆ هێرشکردنە سەر داعش لە دۆڵی رووباری فورات.

ئایا هاوكاری ئێوە بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات بەردەوامە ؟

رایان دیلن: هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەڵێ ئەوان هێزێکی خۆسەلمێنەری هاوبەشن لە باکووری سووریا کە سەلماندوویانە دەتوانن داعش تێکبشکێنن وەک لە مەنبج و لە تەبقە و ئێستاش لە نیوەی رەققە بینیومانە، ئەوان بەردوامن لە پێشڕەوییەکانیان و بەردەوامن لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی گرنگ وەک لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیویانە 10 ناوچە (بلۆک) لە شارەی رەققە کۆنترۆڵبکەنەوە، ئێمە پشتیوانیان دەکەین تاوەکو داعش تێکدەشکێندرێت لە پایتەختەکەیاندا.

ئایا راستە هێزەكانی رووسیا دەڵێن ئەوان وەزیری جەنگی داعشیان لە دێرەزوو كوشتووە ؟

رایان دیلن: ناتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە، ئەوە دەزانین کە رووسیا و رژێم و هێرشی ئاسمانیان لە دەورووبەری شاری دێرزوور ئەنجامدراوە، رەنگە ئەوە راستبێت، بەڵام هاوپەیمانان ناتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە بۆ ئێستا.


ئایا ئەبوبەكر بەغدادی هێشتا لە ژیاندا ماوە ؟

رایان دیلن: ئێمە پێمانوایە ئەبوبەکر بەغدادی تاوەکو ئێستا لە ژیاندایە، چونکە هیچ بەڵگەیەکمان نەبینیوە مردنەکەی بسەلمێنێت، نازانین لە کوێیە بەڵام هەموو رۆژێک چاودێری دەکەین، کە دۆزیمانەوە، هێرشی دەکەینەسەر و دەیکوژین یان دەستگیردەکرێت.

هاوپەیمانی دژی داعش هیچ پلانێكی هەیە بۆ خێزانی ئەو چەكدارانەی داعش كە لە كوردستان و سووریا و عێراق خۆیان داوەتە دەست هێزەكان؟

رایان دیلن: هاوپەیمانان نەخێر (هیچ پلانێکی نییە)، بەتایبەتیش لە عێراق کە وڵاتێکی سەروەرە، ئەوانەی دەستگیرکراون و ئەوانەش خۆیان بەدەستەوە داوە ، ئەوە شتێکە پەیوەستە بە حکومەتی عێراق و ئەوان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، لە سووریاش هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ئەوانیش چەکدارانی داعش و خانەوادەکانیان دەستگیرکردوون ، ئەوانیش لە رێگەی ئەنجوومەنی سەربازی و مەدەنی کە لەناوچانەی هاوپەیمانانی لێن دامەزراوە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. ئامانجی هاوپەیمانان پشتیوانیکردنە لە هاوبەشەکانی بۆ شکاندنی داعش، ئەوەش رێک ئەو شتەیە کە ئێمە دەیکەین.


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Arba'een
mourning-of-imam-hussain
پەیامی گرینگی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەججەوە
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران