خۆری داعش لەعێراق ئاوابوو

عێراقییەکان ٤٠مانگی خوێناوییان بەڕێکرد

خۆری داعش لەعێراق ئاوابوو

دوای زیاتر لە سێ ساڵ و پێنج مانگ، چیرۆکی داعش لەعێراق، کۆتاییی ھات، چیرۆکێک سەدان رووداوی پڕ ترس لەسوتاندن و سەربڕین و کۆمەڵکوژی و فڕاندن، لە یادەوەری عێراقییەکان و جیھان دەھێڵێتەوە.

بەیانی ١١ی حوزەیران(شەش)ی ٢٠١٤موسڵییەکان، بەیانییەکانی جیاوازیان کردەوە، ئەو رۆژە بۆ ھەموو عێراق جیاوازبوو، کاتێک شەوی رابردوو، کۆمەڵێک چەکداری داعش شارەکەیان کۆنتڕۆڵکرد و زیاتر لە ٥٠ھەزار سەربازی سوپای عێراق ھەڵاتن.

داعش-ەکان ھەرزوو،"خەلافەتی ئیسلامی"یان راگەیاندوو، سەرلەبەری ئیدارەی شارەکەیان بۆ ئەوشێوازە بەرێوەبردنەی خۆیان گۆڕی و ئیدی سەردەمی ئەمیرەکان دەستیپێکرد، سەردەمێک دەرگای سەدان چیرۆکی تاریکی بەرووی عێراقییەکان و موسڵ-ییەکان بە تایبەت کردەوە.

چەکدارەکان، ھەر لەناو موسڵ و لەمبەرو ئەوبەری دیجلە نەمانەوە، ئەوان کە لەسوریاوە ھاتبوون، ھەرزوو پەلیان ھاویشت بۆ ناوچەکانی دیکەو ھێزەعێراقییەکانیش ناوچە دوای ناوچەیان بۆ جێدەھێشتن.

داعش، لە دەرگای بەغدا بوو، لە تکریت و ناوچەکانی دیکە نەوەستایەوە، حکومەتی عێراق، لەلێواری ھەرەس بوو، بەڵام داعش رووی شەڕی بەرەو ھەولێر وەرگێڕاو ئیدی پێشمەرگە دەرگای شەڕێکی بەروودا کرایەوە کە زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ شەھیدی دا.

پێشمەرگە لە قۆناغی یەکەمی شەڕدا، داعش-ی وەستاند لە قۆناغی دواتر ناوچەکانی لێوەرگرتەوە، بەڵام ئەوەش بەدەرنەبوو لە کارەسات، کاتێک شەنگال لە ئابی ٢٠١٤کەوتە دەستی رێکخراوەکەو زیاتر لە ٤٠٠ھەزار ئێزیدی ئاوارەبوون و سێ ھەزار کچ و ژن، وەک دیل کەوتنە لای داعش، کە تائێستاش زیاتر لە دوو ھەزار ژن و منداڵ بێ سەروشوێنن.

داعش، دوای سێ ساڵ و پێنج مانگ، ئەمڕۆ دوایین ناوچەی خۆی کە قەزای راوەی پارێزگای ئەنبار بوو لەدەستدا، بەو جۆرەش"خەلافەتەکەی"لەعێراق کۆتاییهات، ئەو رێکخراوەی چەندین ناوچەی کۆنتڕۆڵکردبوو، دوو ملیۆن مرۆڤی ئاوارەی کامپەکان کرد.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەمانگی نیسانی ئەمساڵ، زیانەکانی داعش-ی بە ٣٧ ملیار دۆلار خەمڵاند، بەبێ ئەو زیانانەی کە لە ماڵی خەڵکی مەدەنی کەوتوون.

عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رایگەیاندبوو، وەزارەتەکەی توێژینەوەیەکی ئەنجامدا تائەو زیانانە بخەمڵێندرێن کە بەھۆی داعش-ەوە بەر عێراق کەوتوون، توێژینەوەکەش تەنھا ئەو زیانانەی گرتووەتەوەکە پەیوەندییان بە ژێرخانی دامەزراوەکانی دەوڵەت ھەیە.

ھنداوی ئەوەی خستەروو"لەو توێژینەوەیە زیانەکانی ژێرخانی عێراق لەدامەزراوەکانی بە بڕی ٤٢ تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، کە دەکاتە نزیکەی ٣٧ملیار دۆلار، ئەمە جگە لەو زیانانەی بەر ماڵ و موڵکی ھاووڵاتییان کەوتووە، لەگەڵ شتی دیکە".

ھنداوی وتی، "پێویستمان بە پارەیەکی زۆر زۆرە بەھۆی بوونی رێژەیەکی زۆر لە وێرانکاریی و کاولکاری بەھۆی شەڕەوە، لە زۆر شوێن لەو ناوچانەی کە داعش-یان تێدابووە رێژەی وێرانکاریی دەگاتە نزیکەی سەدا٨٠، بۆیە لەم پێناوەشدا عێراق پێویستی بەھاوکاریی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە، ئێمە دەزانین کە ئاستی کاولکارییەکان زۆر زۆرن".

بەڵام، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دوایین لێدوانی لەسەر زیانەکانی داعش، ھەفتەی رابردوو، رایگەیاند، ١٠٠ ملیار دۆلار زیانی ئەو رێکخراوە بووە لە عێراق.

سەختترین شەڕ کە زیانەکانیش ھاوشێوەی جەنگەکە سەخت بوو، شەڕی موسڵ بوو، داعش دواخانووەکانی دووەم گەورە شاری عێراقی بێ تەقەو خوێنڕشتن، جێنەھێشت، ئەو شەڕەی حەوت مانگ و ١٢رۆژی خایەند.

شەڕی موسڵ، سەدان مەدەنی و سەربازی بە مەرگ سپاردوو، شارەکەی وێرانکرد، بە جۆرێک پێناچێت بووژانەوەی بەم زووانە رووبدات.

داعش، لەماوەی دەسەڵاتی خۆی لەعێراق، سڵی نەکردەوە لە بەکارھێنانی ھەر رێگایەک بۆھێرش، ئەوان لەژێر زەوی و سەرزەوی بە پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکانی کەمەریانەوە، رووبەڕووی پێشمەرگەو ھێزەعێراقییەکان دەبوونەوە.

شەڕێک، کە بێ ھیچ دوودڵییەک مەرگیان تێدا ھەڵدەبژارد، بۆ لەناوبردنی ئەو کەسانەی لەگەڵیان نەبوون ودژیان دەوەستانەوە.

دوای سێ ساڵ و پێنج مانگ، تائێستا ئامارێکی روونی زیانەگیانییەکانی سوپای عێراق و خەڵکی مەدەنی نییە، بەڵام ئەوەی بۆ عێراقییەکان راستییە، کوژران و کەمئەندام بوون و برینداربوونی ھەزاران کەس و وێرانکردنی ھەزاران خانو و گوند و ناوچە و شار و شارۆچکە و ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، تەنھا لە یەک رۆژدا چەکدارەکان لە ١٢ی ٦ی ٢٠١٤ لە تکریت ١٥٠٠خوێندکاری ھێزی ئاسمانی عێراق-یان گولەباران کرد.

لەگەڵ ئاوابوونی خۆری داعش لە عێراق، ھاوکێشەی سیاسی و سەربازیی تەواو پێچەوانە بووەوە، ئیدی براکانی سەنگەر، کە داعش پێشمەرگەو ھێزەکانی دیکەی عێراقی لەیەک سەنگەر کۆکردبووەوە، ئێستا لولەی تفەنگەکانیان رووی لەیەکە.

لە رووی سیاسیشەوە، حکومەتی عێراق، بەبەراورد بە یەکەم تشرینی دووەمی داعش لەعێراق، ئێستا لە سەردەمی زێڕینی خۆیەتی و پیرۆزبایی کۆنتڕۆڵکردنی دوایین ناوچەکانی لەژێر دەستی داعش بڵاودەکاتەوە.

چیرۆکەکانی داعش، لە تۆمارکردنی ڤیدیۆی سەربڕین و دەستبڕین، ھەڵدانەخوارەوەی خەڵکی لە بینابەرزەکان، سوتاندنی مرۆڤ، تەقاندنەوەی مرۆڤ لە ناو ئۆتۆمبێل، کوشتنی مرۆڤ لە ژێر زنجیری دەبابەکاندا، کۆتاییھات، چیرۆکەکان بۆ ھەمیشە لە یادەوەری عێراقییەکان دەمێننەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەوان پرسیارە، ئایا ئەوە دوایین چیرۆکەکانی مەرگ و ترس و تۆقاندن دەبن؟ یاخوود وێرانکاری و چیرۆکەکانی نەھامەتی و ترس و تۆقاندن کۆتاییان نەھاتووە.


بابه تی هاو پیوند

بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

پەیامی گرینگی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەججەوە
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران