کۆبوونەوەی ئەردۆغان، پووتین، رووحانی لە شاری سۆچی رووسیا،
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: دوای پەیوەندی تەلەفۆنی پووتین لەگەڵ ئەردۆغان و رووحانی، بڕیاردرا بەمنزیکانە سەرۆکی هەر سێ وڵاتەکە لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجامبدەن.
رۆژی چوارشەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران قسەی کرد. ئەمڕۆش پێنجشەممە 8-2-2018 پووتین لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا قسەی کرد.
رۆژی چوارشەممە 7-2-2018 مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە. هاوکات بانگهێشتی رووحانی بۆ کۆبوونەوەکە کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا، له پهیوهندییە تهلهفۆنییەکەدا دوایین پێشهاتهكانی سووریا به تایبهتی عهفرین و ئیدلب تاوتوێكراون.
ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا زانیاریی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی عەفرین داوەتە پووتین و بڕیاردراوە کۆبوونەوەی لووتکەی تورکیا، رووسیا و ئێران کە یەکەمجار لە سۆچی بەرێوەچوو، دووەمجار لە ئیستەنبوڵ سازبکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەردۆغان و پوتین هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێکهێنانی خاڵە نوێیەکانی چاودێرییکردن لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب خێرا بکرێت. سەبارەت بە پرۆسەی دانوستاندنی ئاستانەش بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە، بڕیاردراوە بەمنزیکانە کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان هەر سێ وڵات لە ئیستەنبوڵ ئەنجامبدرێت.
ماوەی 20 رۆژە سوپای تورکیا بە هاوکاری سوپای سووریای ئازاد ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ناوچەکانی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، ئەو پرسەش مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان پووتین و ئەردۆغان و رووحانی دەبێت.