لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران

 لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران

سەردان و چاوپێکەوتنەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ تاران و لە گەڵ گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە جێی گرنگی و بایەخ بووە.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت (ع) ـ ابنا ـ سەعدووڵا مەسعودیان سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران دەکاتەوە.

سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند نێچیرڤان بارزانی کەسێکە کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی هەیە و کەسایەتییەکی جێی متمانەیە.
ئەردەشیر پەشەنگ شارەزای کاروباری کوردی لە تاران ڕایگەیاند: پەیوەندی کوردان و ئێران، پەیوەندییەکی دوو لایەنەیە و سەردانی شاندی هەرێم بۆ کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتەی دابین کردووە تا ئەم پەیوەندییانە نەچێتە ژێر کاریگەری هەوڵە نەرێنییەکانی ناوخۆی هەرێم و ناوچەکە.
عەبدووڵا ئاکرەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بە ئۆرگانی فەرمی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ڕاگەیاند کە ئێرانییەکان بە شاندی هەرێمیان ڕاگەیاندووە بۆ پاراستنی پەیوەندی مێژوویی کورد و شێعە لە عێراق سەرجەم هەوڵەکانیان بە کار دێنن.
ناوبراو وتی: سەردانەکەی شاندی هەرێم لە سەر بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەش لە چاوپێکەوتنی نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە ئامادەی هاوکارین لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکان و هەوڵ دەدەن پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەر دوو لا بۆ دۆخی دوو ساڵی ڕابردوو بگەڕێتەوە.
ئاکرەیی جەختی کردەوە کە بەرپرسانی ئێرانی ڕایانگەیاندووە بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا نێوەندگێری دەکەن تا ئەو کێشانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت.
ناوبراو کە یەکێک لە بەشداربووانی سەرجەم چاوپێکەوتنەکانی تاران بووە، لە درێژەدا وتی: بۆ ئێران پرسی پاراستنی سنورەکان بابەتێکی زۆر گرنگ بووە بە شێوازێک کە بوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سنورەکان ببێتە هۆی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
بە وتەی عەبدووڵا ئاکرەیی، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی گەڕاوەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەر ناکۆکی و بۆچوونێکی جیاواز هەبێت چارەسەر دەکرێت.
هەر سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە ماڵپەڕی ئاوێنەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر نێوەندگێڕی ئێران نەدەبوو ئەو کۆبوونەوەی عەبادی و نێچیرڤان بارزانی ساز نەدەکرا.
ناوبراو وتی: ماوەیەکە ئێران سەرقاڵە بە نێوەندگێڕی نێوان هەرێم و ناوەند و پاش ماوەیەک شاندی هەرێمیش سەردانی تارانی کرد تا سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بگەنە ڕێکەوتن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق شەممەی ڕابردوو لە سەردانێکی ڕانەگەێندراودا گەیشتە بەغدا و لە گەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە. ناوبراو پاشان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە گەیشتە تاران و لە گەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەرمان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.


بووچونه که ت بنیره

پوستی ئلکتروونی ئیوه بلاونابیته.فیلده زه روریه کان به * نیشاندراون

*

Arba'een
mourning-of-imam-hussain
haj 2018
داعش
کۆپی رایت 2015 هه مو مافه کان پاریز راون بو بونیادی ابناء الرسول له تاران